ئەڤین ئاسۆ: گوێ بە كۆمێنتەكانتان نادەم

ئەڤین ئاسۆ پێشكەشكاری دیاری كەناڵی نێت تیڤی لەسەر ئەوەی ڕەخنەی لێگیرا كە تەنیا ڕەمەزانان لەچك دەكات هاتە دەنگ و دەڵێت "گوێ بە كۆمێنتەكانتان نادەم".

ئەڤین لە یەكێك لە بەرنامەكانیدا باس لە نەریتی ئیسلام بوونی خۆی دەكات و دەڵێت "وا ڕاهاتووم لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ ڕێزی بینەرەكانم و بۆ ڕێزی ئەم مانگە پیرۆزە لەچك بكەم".

ئەڤین هەروەها دەڵێت "خودای مانگی ڕەمەزان خودای هەموو مانگەكانی ترە، بەڵام لەم مانگەدا بەڕۆژوو دەبین و زیاتر لە خودا نزیك دەبینەوە".

ئەڤین وەك خۆی ئاماژەی پێدەدا چەند ساڵە ئەم ڕەخنەیەی لێدەگیرێت و دەڵێت "ئیتر كۆمێنتم بۆ مەنوسن ئەیبینم و گوێی پێنادەم".

ئەڤین لە ساڵی ١٩٨٦ لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە خوێندنگەی سوركێو كە تێیدا خوێندكار بووە كاری شانۆیی كردووە. چەند ساڵێك لەمەوبەر یەكەمین ئەزموونی پێشكەشكردنی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی «پارێزگاران»ی پارتی پارێزگارانی كوردستانەوە دەست پێكرد، پاشان چووەتە ڕادیۆی نەوا و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك پێشكەشكاری سەرەكیی بەرنامەی «سروەی نەوا» و بەرپرسی هاماهەنگیی بەرنامەكانی ئەو ڕادیۆیە بوو.

دواتر دەچێتە كۆمپانیای ئارت، لە ڕێی كارەكانی ئەو كۆمپانیایە و دواتریش كەناڵ ٤ و بەرنامەكەی «ئەڤین ژن و ژیان»ەوە ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد. ئەو بەرنامانەی تاكوو ئێستا كار و پێشكەشكاری تێدا كردوون بریتین لە (میڤان شۆ، چەرخ و فەلەك، من جیاوازم، تۆ نموونەی، ملیۆنێر، ئارامۆ شۆ و ئەڤین ژن و ژیان)، تا ئێستا لە ھەریەكە لە كەناڵە ئاسمانییەكانی (زاگرۆس تیڤی، كۆڕەك، كەناڵ ٤، كوردماكس و نێت تیڤی) كاری كردووە.





PM:02:29:12/06/2017