کەناڵێک پەخشی سەرجەم دراما تورکیەکی ڕاگرت

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە گرووپی كەناڵەكانی MBC عەرەبی، بڕیاری قەدەغەكردنی سەرجەم بەرهەمە درامی و تەلەفیزیۆنیە دۆبلاژكراو و ژێرنووسكراوە توركیەكانی دەركرد، دەنگدانەوەیەكی گەورە لە شەقامی عەرەبی دروست بوو.

لە یەكەم كاردانەوەدا، كەناڵی "ئەلجەزیرە"ی عەرەبی لە پەخشی راستەوخۆدا رووماڵێكی گرنگی بۆ بابەتەكە دەستپێكرد، بۆچوونی ژمارەیەكی بەرچاوی رۆژنامەنووسانی عەرەبی خستەڕوو، كە زۆربەیان پشتیوانی بیرۆكەكەیان دەكرد.

هاوکات محەمەد رەشید نووسەر و رەخنەگری سیاسیی عەرەب دەستخۆشی لەم هەنگاوەی MBC  كردووە و داواكاریش سەرجەم كەناڵە عەرەبیەكان دوور بكەنەوە لە دراما توركیەكان، بەتایبەتی كە بە بۆچوونی ئەو، توركیا مەبەستیەتی لە ڕێگەی ئەم درامایانەوە پەیامی سیاسی بگەیەنێ، لەم پێناوەشدا زۆر راستی مێژوویی شێواندووە.

بەشێكیش لە چالاكوانەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئاماژەیان بەوە داوە كە قەدەخەكردنی دراما توركیەكان، دەبوایە بەهۆی لادانە ئەخلاقی و ئەو دیمەن و وێنە رووتانە بوایە كە لەگەڵ دابونەریتی عەرەب ناگونجێن، بەڵام بە داخەوەن كە MBC لەبەر هۆكار و ناكۆكی سیاسی دراما توركیەكانی قەدەخە كردووە.




PM:10:10:04/03/2018