هونەرمەندی دیاری کورد، حەمید بانەیی رایگەیاند باوکی دوێنێ ٢٧ ی ئایار لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هونەرمەند حەمید بانەیی نووسیوویەتی " بە رازیبون بە قەدەری خوا ئێستا باوکم وەستا عەبدوڵڵای حەمە بانەیی کۆچی دوایی کرد خوا لە گوناھەکانی خۆش بێت".
حەمید بانەی بەم شێوەیە باسی بنەماڵەکەی دەکات " باپیرم (باوكی باوكم) لە شاری بانە لەدایك بووە و لە شەش ساڵییەوە هاتووەتە سلێمانی، بەڵام هەر بە حەمە بانەیی ناسرا بوو، لەوەوە ناسناوی بانەمان بۆ ماوەتەوە. خۆم چەند جارێك چوومەتە بانە، بەڵام بۆ ناسناوەكەم، لە نەوەتەكاندا بە ناوی حەمید عەبدوڵڵا وتارم بۆ رۆژنامەی ئیتیحاد دەنووسی، گوتیان وەكو ئەوەیە خەڵكی شارێكی عێراق بی، پێشنیازیان كرد ناوێكی كوردی دابنێم، منیش ئەو ناوەم دانا".
حەمید عەبدوڵڵا، ناسراو بە حەمید بانەیی ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە. خاوەنی ئەلبوومێكی گۆرانییە بەنێوی لێواری شەو لەگەڵ چەند گۆرانییەكی دیكە.
لە ساڵی 1983 كاتێك دەچێتە قۆناغی سێی بەشی فیزیا لە زانكۆی سەڵاحەددین، لەگەڵ چەند خوێندكارێك كەمپینیان كردووە بۆ ئەوەی خوێندكاران نەڕۆنە نێو جەیشی شەعبی، دواتر بڕیاری فەسڵكردنی بۆ دەرچووە،وەک خۆی دەڵێت "پێش ئەوەی فەسڵ بكرێم، لە ساڵی 1982 لەگەڵ تیپی شیلان سێ گۆرانیم تۆمار كرد".
حەمید بانەیی لەساڵی 2002 لەنێو 87 هونەرمەند لە فێستیڤاڵێكی هوتێل چوارچرا لە هەولێر، بە گۆرانیی بێدارییەك پلەی یەكەمم بەدەستهێنا. ئێستاش بەرنامەیەکی ئەدەبی و هونەری لەکەناڵی کوردستان ٢٤ هەیە.