ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ڕۆژی لەدایک بوونی ھونەرمەندی نەمر "ئەحمەد کایە" یە.
ئەحمەد کایا یەکێکە لە دیارترینی هونەرمەندان و بە میوزیکە سروشتی و بێهاوتا و بەرهەڵستکارییەکەی دەناسرێتەوە، لە ڕێکەوتی ١٩٥٧/١٠/٢٨ لە شاری ماڵاتیە لە کوردستانی باکوور لە دایک بووە لە ڕێکەوتی ٢٠٠٠/١١/١٦ لە پاریس لە فەڕەنسا کۆچی دوای کردو لە خاکی دایکی نەنێژرا.
ئەو بوێرەی دوای ١٨ ساڵ دابڕان لە خاک و نیشتیمانی کاتێ گەڕایەوە بۆ تورکیا لە ناو جەرگەی ھونەرمەندان باشترین خەڵاتی ساڵانەی ھونەرمەندانی پێ درا لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا کاتێک وتی بەرھەمی ئەم جارەم گۆرانی و کلیپێکی کوردی دەبێ ھەرچی بەھای ھونەر و ھونەرمەندەکان بوو بوون بە نازی و ڕەگەزپەرست لە ئەحمەد کایە .
زۆرینەی دەم و چاوەکان وروژان و ڕەنگی تۆڵەیان لێ بەرز دەبۆوە بە چاوێکی وا سەیریان دەکرد مۆڕەیان لێ دەکرد وەکوو ئەوە وابێ باوکیانی کوشتبێ ھونەرمەندەکانیان وابن دەبێ سوپاو میللەتەکەیان چۆن بن بەرامبەر بە کورد.
بە دەیان جنێوی ناشرینیان پێداو چەندین شتیان تێگرت و " سەردار ئۆرتاج " دەست بەجێ ھاتە سەر شانۆو سرودی نیشتیمانی تورکی وتەوەو ھەموویان بە یەک دەنگ ھەستانە سەرپێ و دژی وەستانەوە تاکوو وای لێھات بە زۆر بە ھاوکاری چەند پاسەوانێک توانیان لە ناو ھۆڵەکە دەربازی بکەن پاشان ھەرچی میدیاو ڕۆژنامەکان بوون بە وشەی زۆر ناشرین لە دژی وەستانەوە.
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی ناپاكی بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای سزای لهسێدارهدانیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردۆتەوە کە ھەڵبەستراو بوو. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات . بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز" بەخاک سپێردرا.