بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی حوزەیران گۆرانیبێژی ناسراوی باشووری کوردستان، عەتا چاوشین بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەدەستدانی ئەم هونەرمەندە لەم تەمەنەدا بۆتە مایەی نیگەرانی لەناو هاوڕێیانی هونەرمەند و رۆشنبیران و خەڵکی سلێمانی، مەحمود محەمەد گۆرانی بێژی میللی چەند دێڕێکی بۆ ئەو هونەرمەندە نووسیووە.
مەحمود محەمەد گۆرانیبێژی ناسراوی میللی کە یەکێکە لە هاوڕێکانی هونەرمەند عەتا چاوشین، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا بەناونیشانی " هێواش هێواش وا شار چۆڵ دەبێت "، نووسیوویەتی " رۆحت شادبێت زۆر به داخم بۆكۆچى دواى هاورێ و هونه رمه ندى ئازيزمان كاك عه تا چاوشين".
هەروەها نووسیوویەتی" كات ژمێر پێنجى بەيانى بەم بەكۆرۆنا نەفرەتىيه بەراستى زۆر دڵتەنگى كردين. رۆحت شادبێت.
هاورێ گيان خوالێتخۆشبێت رۆحت شادبێت. سه رخۆشى له خۆمان و سه رجه م هونه رمه ندان و كه س و كار و هاورێ و خۆشەويستانى ئەكەم".
عەتا ئەمین، ناسراو بە عەتا چاوشین لە کۆتایی حەفتاکاندا دەستی بەگۆرانی وتن کردووە، سەرەتا بە وتنەوەی گۆرانی گۆرانی بێژە گەورەکانی کورد دەستی پێکرد، دواتر لە هەشتاکاندا رێچکەی خۆی گرت و لە تەلەفزیۆنی کەرکوک چەند گۆرانییەکی تۆمار کردو، لەودەمەوە بەدەیان گۆرانی تۆمار کردووە، بەیەکێک لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردووی سلێمانی دەناسرێت و ناوی لەگەڵ گۆرانیبێژان کەمال محەمەد و میدیا حسێن و مەحمود محەمەدا و چەند گۆرانی بێژێکی تری ئەو قۆناغەدا دێت.