"ئەمەریكا و ئێران سوورن لەسەر دانانەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق"

هەریەك لە ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر پەیامیان بە یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان داوە كە ئەوان پێیان باشە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وەك خۆیان بمێننەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگاداری سیاسی لە شاری بەغداوە بە (ٍسپی)ی راگەیاند" دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا و ئێران بەڕوونی پەیامیان بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ناردووە كە پێیان باشە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وەك خۆیان بمێننەوە ئەوانیش (محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران)، بۆیە هەر دەبێت ئەو پەیامەش وەك خۆی جێبەجێ بكرێت". 

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەو سێ سەرۆكایەتییە وەك خۆیان بمێننەوە، كەواتە بۆچی هەڵبژاردن كرا، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، مانەوەی ئەو سێ سەرۆكایەتییە لەلایەن ئەو دوو دەوڵەتەوە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، كازمی دوای هەڵبژاردن نەهاتۆتە سەر دەسەڵات، بەڵكو حكومەتێكی كاربەڕێكەری وەرگرت، لەناو سوننەكاندا حەلبوسی زۆرترین دەنگی هێناوە و هەقی خۆیەتی، پاشان ئەمەریكا و ئێرانیش پێویستییان بە سەرۆك كۆمارێكە كە پەیوەندی لەگەڵ هەردوولادا باش بێت، لەو رووەشەوە بەرهەم ساڵح چانسی زیاترە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە بەڕێككەوتنی پێشوەختەی مەسعود بارزانی، موقتەدا سەدر، محەمەد حەلبوسی، بڕگەی یەكەمی ئەو رێككەوتنە جێبەجێكرا ئەویش بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.



AM:10:01:12/01/2022