پوتین: لە پێناو ئاسایشی وڵاتەكەمان پەلكێشی شەڕكراین

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ سەرمایەدارانی وڵاتەکەی کۆبۆوە و پاش کۆبوونەوەکە وتی" دەبوایە پێشتر ئەو هەنگاوانەمان بنایە، کە ئەمڕۆ دەستمان پێکرد". 

ڤڵادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرمایەدارانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند" لە پێناو ئاسایشی وڵاتەكەمان بەلكێشی شەڕكراین، دەبوایە زووتر ئەو هەنگاوە بنێن، ئێستاش هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نەبووە بۆیە ئەم بڕیارەمان جێبەجێكرد". 

جەختیشیکردەوە، ڕووسیا وەک بەشێک لە سیستەمی ئابووری جیهان دەمێنێتەوە و ڕووسیا پشتیوانی سەرمایەداران دەکات. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆكی روسیا دەستپێكردنی هێرشی بۆسەر خاکی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، کە ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا.

هاوکات بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر ئۆكرانیا هاتووە، ئێوارەی ئەمرۆ قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لە كیفی پایتەختی ئۆكرانیا راگەیەندرا و بڕیارەكەش تا سبەینێ بەیانی جێبەجێبكرێت.


PM:08:02:24/02/2022