مەترسیدارترین وڵات بۆ رۆژنامەنوسان دەستنیشان كرا
بۆ یەكەمجار لەمیژووی خۆیدا، ئۆكرانیا وەك مەترسیدارترین وڵات بۆ رۆژنامەنوسان ناسراو 7 رۆژنامەنوس لەماوەی شەش مانگی سەرەتای 2014 لەم وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی "ئیتارتاس"ی روسی، ئۆكرانیا لەنیوەی یەكەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بە مەترسیدارترین شوێنی جیهان بۆ رۆژنامەنوسان دیاریكرا.
ئەنجامی توێژنەوەی سەنتەری نێودەوڵەتی ئاسایشی رۆژنامەنوسان (INSI) كە بەرزترین رێكخراوی چاودێری بارودۆخی كاری چاپەمەنییەكانو رۆژنامەنوسانە لە وڵاتانی جیهان، ئاشكرایدەكات كە ئۆكرانیا مەترسیدارترین وڵاتە بۆ كاری رۆژنامەنوسی.
بەپێی راپۆرتی ئەم سەنتەرە، لەئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئۆكرانیا ئەم وڵاتە بۆ یەكەمجار لەنێوان 5 وڵاتی مەترسیدار بۆ رۆژنامەنوسان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەم ئامارە لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لەئۆكرانیا 7 رۆژنامەنوس كوژراون كە 5یان لەماوەی دوو مانگی رابردوو لەباشورو رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەی گیانیان لەدەستداوە.
لەو ئامارەدا عێراق كە ساڵانێكە یەكێك لەمەترسیدارترین شوێنەكانی جیهانە بۆ رۆژنامەنوسان، لەپلەی دووەمەدایە كە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 6 رۆژنامەنوس لەعێراق گیانیان لەدەستداوە. سوریاو پاكستا لەپلەی سێیەمو چوارەم دێن.
PM:04:48:22/07/2014