ماكرۆن دوای سەركەوتنی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن پەیامێكی بڵاوكردەوە


ئیمانوێل ماكرۆن، كاندید بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی فەڕەنسا رایدەگەیەنێت "پڕۆژەكانی بۆ خولی دوەمی سەرۆكایەتی بریتی دەبن لە بەهێزكردنی توانای كڕین و پشتیوانی كرێكاران، فەڕەنساش وەك بەشێك لە ئەوروپا و بە پارێزەری ئاشتی دەمێنێتەوە".

ئەمشەو ئەنجامی بەرایی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا راگەیەنرا و بەپێی ئەنجامەكانیش ئیمانوێل ماكرۆن 28.8%، مارین لۆپێن 24.2% و ژۆن مێلونشۆن 20.10%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.

ئیمانوێل ماكرۆن لە پەیامێكدا لەبەردەم ئاهەنگی لایەنگرانیدا رایگەیاند "تاكە پڕۆژەم بەهێزكردنی توانای كڕین و پشتیوانی كرێكاران دەبێت، ئێستاش ساتێكی یەكلاییكەرەوەیە بۆ فەڕەنسییەكان و ناكرێت وەك پێشوو بمێنینەوە، بەڵكو فەڕەنسا هەروەكو پارێزەری ئاشتی دەمێنێتەوە و وەفاداری بەها مرۆییەكان دەبێت و لەناو یەكێتی ئەوروپا دەمێنێتەوە و روبەڕوی ئاڵنگارییەكان دەبێتەوە".

رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا بە فەرمی بڵاودەكرێتەوە و ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان 50٪ـی دەنگەكان بەدەستنەهێنن، لە 15ی ئەم مانگەوە بانگەشە بۆ خولی دوەم دەست پێدەكات كە 24ـی مانگ ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنەكەش لە گەڕی دوەمدا لەنێوان ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لۆپێندا دەبێت.





PM:11:55:10/04/2022