فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت" بە وردی چاودێری ئیسرائیلمان دەکرد لە هەولێر و دەزانین کە لەوێ کۆدەبنەوە بۆ دژایەتیکردنی وڵاتەکەمان".
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ لە مەراسیمی ساڵیادی کوژرانی یەکێک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند" بەڵێنمان بە شەهیدەکانمان داوە کە هەر لە شوێنێک ئیسرائیل هەبێت لێیان دەدەین، وەک ئەوەى لە هەرێم کردمان".
قائانى وتیشى" دەمانزانى لە هەولێر چی دەگوزەرێت و ئیسرائیلییەکان لە کوێن، بۆیە دەمێک بوو ئێمەش چاودێریمان دەکرد".
هەروەها فەرماندەی فەیلەقی قودس جەختیشیکردەوە، بەوردی چاودێری بنکەکانى ئیسرائیل دەکەین لەناوچەکە و هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانى ئێران دەم و دەست وەڵامی جیدیان دەبێت.
ڕۆژی ١٣ی مانگی ڕابردوو (١٢) موشەکی دورمەودای بالیستی ماڵی شێخ باز بەڕێوەبەری کۆمپانیای کاری لە هەولێر کردە ئامانج و دواتر بەرپرسانى ئێران رایانگەیاند" کە ئەو شوێنە بنکەى ئیسرائیل بووەو دژی بەرژەوەندییەکانى ئێران کۆبوونەوەى تێدا کراوە".