ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی لە دژی كوشتنی ژینا ئەمینی، قبوڵكراو نین.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بە ئاژانسی چینی راگەیاندوە "ئەمریكی و رۆژئاواییەكان دەیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بن و ئاژاوە بگێڕن، بەڵام ئەمە قبوڵ ناكرێت و رێگەیان پێنادەین."
رەئیسی ئاماژەی بەوەكرد "بێگومان پرسی گیانلەدەستدانی ژینا ئێستا لێكۆڵینەوەی لێدەكرێ، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەی تیمێكی پەرلەمانی ئێران، لێی نەدراوە و بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە".
شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، لە شاری سەقز لە كاتی ناشتنی تەرمەكەی دەستیپێكرد، ژینا رۆژی 13-09-2022 لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەركرا، لە بنكەی پۆلیس تەندروستیی تێكچوو و 3 رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەكی تاران گیانی لەدەستدا.