نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

‌بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نه‌وت بە هەردوو جۆرەکەیەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا، بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک دووبارە رووی له‌ دابه‌زین کرد، بە جۆرێک بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە (٩٣) دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی (٠.٥١%) دابەزی و گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٨١ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٩٤ دۆلار و ٢٩ سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرا. 

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکاش ٨٨ دۆلار و ٧٠ سەنتی تۆمار کرد و بە بڕی (٦٤) سەنت دابەزیووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٠.٧١%)، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨٩ دۆلار و ٣٥ سەنت بوو. 

هه‌فته‌ی رابردوو نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا گەورەترین بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی لە نێویاندا ڕووسیا ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

شرۆڤەکارانی بازاڕ پێشبینی دەکەن لە چەند مانگی داهاتوودا نەوتی خاوی برێنت بۆ سەرووی (١٠٠) دۆلار بەرزببێتەوە، چونكه‌ وه‌رزی سه‌رما نزیكه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ سه‌پاندنی سزاكانی بۆ سه‌ر رووسیا به‌رده‌وامه‌، ئەمەش ده‌بێتە هۆی زیاتر به‌رزكردنه‌وه‌ی داخوازی نه‌وت.

هەروەها وەبەرهێنەران ترسیان لەوە هەیە کە خواست لەسەر سووتەمەنی کاریگەری لەسەر زیادبوونی مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووری جیهانی و توندکردنەوەی سنووردارکردنی (کۆڤید-١٩) لە چین هەبێت.



AM:08:31:12/10/2022