ئامارێکی نوێی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا ڕاگەیەندرا

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی ئامارێکی نوێی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڕاگەیاند کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو وڵاتەکەی گرتەوە.

رەجەب تەیب ئەرۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند" ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ ١٨ هەزار و ٩٩١ کەس بەرزبووەتەوە، بریندارەکانیش بۆ ٧٥ هەزار و ٥٧٠ کەس". 

ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد" کارەکانمان زۆر قورسە، چونکە کاریگەرییەکانی وێرانبوونی بوومەلەرزەکە (١٠) پارێزگاری گرتووەتەوە، کارمەندەکانیش خۆیان زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە".

وتیشی" ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری بەردەوامن لەگەڵ هاتنی تیمەکانی فریاگوزاری لە دەرەوە". 

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیشیکردەوە، لە ماوەی ساڵێکدا لە شوێنی بینا رووخاوەکان باڵەخانە و بینای نوێ دروست دەکەنەوە. 

لای خۆشییەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تا ئێستا لە سوریا چوار هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٢٤٥ کەسیش بریندار بوون. 



PM:05:03:10/02/2023