عەباس عەلی سولەیمانی نوێنەری پێشوتری ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سیستان و بەلوچستان و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی شارەزایان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری بابلسەری باکوری ئێران کوژرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەباس عەلی سولەیمانی نوێنەری پێشوتری ڕێبەری باڵای ئێران لە سیستان و بەلوچستان و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی شارەزایان لە شاری بابلسەر تیرۆر کرا".
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی ئامادەبونی لە لقێکی بانکی نیشتمانی لە شاری بابلسەر دەستڕێژی گوللـە لە عەباس عەلی سولەیمانی کراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان ڕایگەیاندوە، عەباس عەلی سولەیمانی لە بانکەکەدا دانیشتبوو، پێدەچێت هێرشبەرەکە دەمانچەی پاسەوانی بانکەکەی بردبێت و تەقەی لێکردبێت، بەداخەوە گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش کە لەگەڵیدابوون برینداربوون.
روحوڵا سەلاجی نوێنەری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی پارێزگای مازەندەران هەواڵی تیرۆرکردنی عەباس عەلی سولەیمانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئایەتوڵا عەباس عەلی سولەیمانی لە هێرشێکی چەکداریدا کوژراوە، و هێرشبەرەکەش دەستگیرکراوە".