ئەمڕۆ پێنج شەممە ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی شاری مەشهەدی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد کە بەهۆیەوە تائێستا (١٩) کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنن.
موحسین زاکریان سەرۆکی کۆمەڵەی هیلالی سور لە شاری مەشهەدی کۆماری ئیسلامی ئێران، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند" بەهۆی لافاوەکەی شاری مەشهەد ئاماری گیان لەدەستدان لە ٧ کەسەوە بەرزبوەوە بۆ ١٩ کەس، لەگەڵ بێسەروشوێنبوونی (٥) کەسی دیکە تائێستا تۆمارکراوە".
هەروەها لای خۆشیەوە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) بڵاوکردەوە، زیانێکی زۆری ماددی بەر ئۆتۆمبێل و دوكانە بازرگانییەكان و ماڵی هاوڵاتیان كەوتووە.
ماوەی دوو ڕۆژە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە شاری مەشهەدی باکووری رۆژهەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو.
شاری مەشهەد دەکەوێتە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، زیاتر لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووی هەیە.