ئێران.. لەماوەی ١٨ رۆژدا ٢٥ هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون

لەماوەی ١٨ رۆژدا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم ٢٥ هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون، زۆرترین لەسێدارەدانیش لە زیندانەکانی ورمییە دا بووە.

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی نزیک بە سێ حەفتە (ماوەی ١٨ ڕۆژ) کە لە مانگی مەی ٢٠٢٤ تێپەڕ بووە، لانی کەم سزای سێدارەی ٢٥ زیندانی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو" لە سەرجەم ٢٥ بەندکراو کە لە ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا لە سێدارە دراون ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ٥ کەس بە تۆمەی کوشتنی بە ئەنقەست و ١٨ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو".

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە بە هەژمارکردنی ئەو حاڵەتانە ژمارەی بەندکراوانی کورد کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ٧٢ کەس کە بەرانبەر بە ۳۱٪ی سەرجەم ئەو زیندانیانەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران لە سێدارە دراون، ژمارەی بەندکراوانی لە سێدارەدراو لە تەواوی ئێران ٢٣٣ کەس بووە.

بە پێی راپۆرتەکە، ژمارەیەکی زۆر لەو زیندانیانەی لەسێدارەدراون لە زیندانی ورمییە(٩ کەس)، دواتر لە زیندانەکانی 
قزڵحیساری کەرەج (٧ کەس)، کرماشان، ئیلام و سەڵماس(٢ کەس)،  لە زیندانەکانی میاندواو، شیراز و ئیسفەهان (١ کەس)، تۆمار کراوە.





PM:12:04:19/05/2024