دوای ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، جۆبایدن سەرۆکی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بە پشووەکەی هێنا و گەڕایەوە کۆشکی سپی، بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەکی بەپەلە.
کۆشکی سپی، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ڕووداوی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێران خراوەتە بەردەستی".
هەروەها ماڵپەڕی سکای نیوز عەرەبی لە زاری بەرپرسێکی پنتاگۆنەوە ڕایگەیاندووە" سەرۆک ئەرکانی سوپا لە پەیوەندیدان لەگەڵ فەرماندەی ناوەندی بۆ بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئێران".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە وەزارەتەکە بە وردی چاودێری ئەو هەواڵانە دەکات کە دەڵێن کۆپتەرێک کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی هەڵگرتووە لە کاتی نیشتنەوەدا تووشی کێشە بووبێت.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ئاشکرای کرد کە تیمی گەڕان و فریاگوزاری ماوەیەک پێش ئێستا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.