حزبەکانی رۆژهەڵات: رەئیسی یەکێک لە دڵرەقترین و جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی بووە

ژمارەیەک لە حزبەکانی رۆژ‌هەڵاتی کوردستان پێیانوایە شتێکی ئەو تۆ لە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئێران بە مردنی رەئیسی ناگۆڕێت و، جەخت دەکەنەوە کە رەئیسی یەکێک لە " دڵرەقترین و جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی بووە".

دەنگی ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا لەگەڵ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بارەی مردنی ئیبراهیم رەئیسیەوە رایەکی جیاوازیان نییە، پێانوایە مردنی سەرۆک کۆماری ئێران و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر دۆزی کورد و حزبەکانیان نابێت، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت کاریگەرییەکەی لە ڕووی "مەعنەویەوە دەبێت چونکە یەکێک لە ستەمکارەکان بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی کورد و دۆزەکەی" گیانی لەدەستدا.

نەوید میهراوەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕایگەیاندووە "نەمانی رەئیسی زۆر کاریگەری نابێت لەسەر هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کورد و شۆڕشی کوردستاندا، ئێران ڕژیمێکی تۆتالیتارە."

دەشڵێت "هەرچەندە ئێران چەند کادر و بەرپرسی گرنگیان لەناوچووە، بەڵام دەتوانن کەسی تر هەمان ڕۆڵ ببینن و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە."

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، " نەبوونەکەی دەکرێت کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران هەبێت. بەڵام یەکێک لە دڵرەقترین و جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەئیسی بووە، کە بەجەلادی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ناسراوە. لە زیندانەکانی ئێران تاوانی زۆری بەرامبەر سیاسیەکانی کورد و ئێران کردووە، لەو ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێێن ئێران خوێنڕیژێکی لەدەستدا."

ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی ٢٠٢١ بە کۆکردنەوەی ڕێژەی ٦٢٪ لە کۆی نزیکی ٢٩ ملیۆن دەنگ توانی ببێتە سەرۆککۆماری ئێران.
لە ماوەی بەرپرسیارێتی وەک سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، هەڵوێستەکانی بە توندڕەویی لە سیاسەتی ناوخۆدا ناسراون و ڕووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە.

ساڵێک دوای هەڵبژاردنی، ئەو پیاوە ئایینییە فەرمانی دا بە دەسەڵاتداران بە جێبەجێکردنی توندی یاسای "حیجاب و ئاکار" و بەمەش ئازادی ژنانی لە پۆشینی جلوبەرگ سنووردارتر کرد.

یاسا توندەکانی سەردەمی حکومەتی ڕەئیسی بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران بە تایبەت دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٢، لە سەر ئەنجامیشدا هەزاران کەس کە کورد و پێکهاتەکانی تری ئێران ڕووبەڕووی پێشێلکاری و لێدان و لەناوبردن بوونەوە، سەرەڕای جیبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر چەندین گەنج و لاوی سیاسی کورددا.

هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەئیسیدا، حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێران کە نیشتەجێی هەرێم کوردستانن ڕووبەڕووی هێرش و لێدانی ڕاستەوخۆ لە خاکی هەرێمدا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بوونەوە و لە ئەنجامی چەندبارە بوونەوەی هێرشەکانیشدا زیاتر لە ٣٠ پێشمەرگەی حزبە کوردیە جیاوازەکان گیانیان لەدەستدا. وێرای ئەوەی چالاکیە سیاسی و سەربازیەکانیشیان لەژێر فشاری ئێراندا سنوردارکرا.
لەلایەکی ترەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ڕەئیسی ئەو کات وەک داواکارێکی گشتی گەنج لە تاران لە پانێڵێکدا دانیشتبوو کە سەرپەرشتی لە سێدارەدانی سەدان زیندانی سیاسی لە پایتەختی ئێران کردووە لە ساڵی ١٩٨٨، لە کاتێکدا شەڕی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق خەریک بوو کۆتایی پێبێت.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە بەپێی کەمترین خەمڵاندنەکان لانیکەم ٥ هەزار کەس لە پرۆسەکەدا لەسێدارەدروان یان کوژراون.




PM:09:14:20/05/2024