شەڕی دۆزینەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسی لەنێوان تورکیا و ئێران بەردەوامە

شەڕی میدیای لەسەر ئەوەی کە کێ شوێنی بەربوونەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسی و ئاوەڵەکانی دۆزیوەتەوە، لەنێوان تورکیا و ئێران بەردەوامە و لەورۆژەوە چەندین لێدوانی جیاجیا دەدرێت.

شەڕی میدیای لەسەر ئەوەی کە کێ شوێنی بەربوونەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسی و ئاوەڵەکانی دۆزیوەتەوە، لەنێوان تورکیا و ئێران بەردەوامە و ناوەندی پەیوەندییەكانی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران ڕوونیكردەوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا بە هۆی نەبوونی كەرەستەی پێویستەوە نەیتوانی شوێنی دیاریكراوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری سەرۆك كۆمار دیاریكات و ژێر هەورەكان ببینێت و گەڕایەوە بۆ توركیا.

لە راگەیەنراوەکەی ناوەندی پێوەندییەكانی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە" دوابەدوای ئەو ڕووداوەی  لە هەلیكۆپتەری سەرۆك كۆماری ئێران و وەفدی یاوەری ڕووی دا، بوونی بارودۆخی كەشوهەوای زۆر خراپ، ئاڵۆزی جوگرافی و سروشتی شاخاوی ناوچەكە، هەروەها بوونی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی پێشكەوتووی ئێران ئامادەكراو بە ڕاداری SAR لە باكووری زەریای هیندی بۆ ئەنجامدانی كارەكەی و دووری لە شوێنی رووداوەكە، هێزەكانی فریاگوزاری لە ڕێگەی وشكانییەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان كرد".

ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیا فەرمییەکانی تورکیا دەڵێن" کە شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی رەئیسی و ئاوەڵەکانی لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ( ئاکینجی) دۆزراوەتەوە".

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ ئایار ٢٠٢٤، میدیا ناوخۆییەکانی ئێران هەواڵی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێرانیان بڵاوکردەوە.  لە دەوروبەری ئێوارەی یەکشەممە ١٩ی ئایار، ئەو کۆپتەرەی کە ئەوی هەڵگرتبوو لە دارستانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کەوتە خوارەوە. هاوکات، هەریەکە لە ئاوەڵەکانی:  ئالهاشم ئیمام جومعەی تەورێز ، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە ، مالیک ڕەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کوژران لەگەڵ دەستەی پارێزگاری و دەستەی فڕۆکەوانەکەدا.




PM:08:27:22/05/2024