بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، محەمەد باقر قاڵیباف بە سەرۆکی (١٢)یەمین پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرایەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە کۆبوونەوەی گشتی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران (پەرلەمان)، ناوی محەمەد باقر قالیباف هەڵبژێردراوی تاران، مەنووچەهر مەتەکی هەڵبژێردراوی تاران و موجتەبا زولنوری هەڵبژێردراوی شاری قوم، وەک سێ کاندید بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران تۆمارکران.
دەوای ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدان محەمەد باقر قاڵیباف لە خولی یەکەمدا بە (١٩٨) دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بکرێتەوە.
محەمەد باقر قاڵیباف ساڵی (١٩٦١) لە پارێزگای خوراسانی ئێران لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری جوگرافیای سیاسی، ساڵی (١٩٩٧) لەسەر فەرمانی خامنەیی دەکرێتە فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران.
قاڵیباف لە ساڵی (٢٠٠٥ تا ٢٠١٧) سەرۆکی شارەوانی تارانی پایتەختی وڵاتەکەی بووە، لە ساڵی (٢٠٢٠)یشدا خۆی بۆ خولی (١١)یەمی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەسەر لیستی محافزکاران کاندید کرد و بە (٢٣٠) دەنگ بووە شەشەمین سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران.