ئەمریکا وەڵامی داواکاری موقتەدا سەدری دایەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکەی موقتەدا سەدری دایەوە و وتی" پابەندین بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بۆ هەموو عێراقییەکان فراوان بکەین".

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی( رووداو)  رایگەیاند" ئێمە پەیوەندییە فراوانەکەمان و پەیوەندییە فراوانە ستراتیژییەکەمان لەگەڵ عێراق بە بەها دادەنێین و پابەندین بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بۆ هەموو عێراقییەکان فراوان بکەین".

ئاماژەی بەوەشدا  ئێمە پاڵپشتی لە سەقامگری ئەمنیەتی عێراق و سەروەریی عێراق دەکەین. 

ئەمڕۆ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە ئەمریکا بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل تۆمەتباردەکات و داوای  کرد کە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن.




PM:11:29:28/05/2024