کاندیدی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە عێراق ڕایدەگەیەنێت" بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرەوپێش دەبەم و بەرەنگاری کاریگەری میلیشیاکانی ئێران دەبمەوە لە عێراق".
ترەسی ئان جاکۆبسۆن کاندیدی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، بۆ پۆستی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە عێراق لە بەردەم لیژنەی پەیوەندیییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، وتاری دەستبەکاربوونی خۆی پێشکەشکرد و وتی" سوپاس و پێزانینم بۆ بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەیە، بۆ متمانەکردن بە من و کاندید بوونم بۆ ئەم پۆستە گرنگە، بەڵێن دەدەم بەرەنگاری میلیشیا شیعەکان ببمەوە".
وتیشی" ئەولەویەتەکانی سەرەکیم پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمریکی و بەهێزکردنی هاوبەشی دوولایەنەمان دەبێت بۆ پشتگیریکردن لە ستراتیژی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان".
ڕاشیگەیاند" سوپاکەمان پاڵپشتییەکی گرنگ پێشکەش بە هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە دەکات لە هەرێمی کوردستان، دوای ١٠ ساڵ لە گەڕانەوەی هێزەکانمان بۆ عێراق بۆ شەڕی داعش، کاتی ئەوە هاتووە سوپاکەمان هەنگاو بنێتە ناو ڕۆڵێکی نوێوە هەر گواستنەوەیەک لە ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سروشتییەوە بۆ ڕێکخستنێکی ئەمنی دوولایەنە ئاراستەی شکستپێهێنانی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی عێراقە".
جاکۆبسۆن جەختی لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی کردەوە و ئاماژەی بە هەنگاوە ئەرێنییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە لەم ئاراستەیەدا گرتوویانەتەبەر.
دەشڵێت" ئێران ئەکتەرێکی خراپەکارە لە عێراق و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات، ئێمە درک بەوە دەکەین کە مەترسی سەرەکی لەسەر عێراق میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانن".
جاکۆبسۆن هەروەها دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێنەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی بانکی عێراق، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە" رێگە بە ئێران نادات ئەو غازەی دابینکراوە بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەکان وەک چەکێک دژی عێراق بەکاربهێنێت".
ئەوەشی خستەڕوو، میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران هەڕەشەی گەورەن بۆسەر سەقامگیری عێراق و هەموو رێگایەكی سیاسی بەكاردەهێنێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە و لە قاڵبدانی هەژموونی ئێران.