"٦٥ کەس کە زۆرینەیان کوردن لە دوو کەشتیەکەی کەناراوەکانی ئیتالیا چارەنووسیان نادیارە"


سەرۆکی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە هەرێمی کوردستان، رایەگەیاند " ئەو کەشتییەی زۆرینەی کوردی باشوور و رۆژهەڵاتیان تێدابووە ژمارەی سەرنشینەکانی ٧٥ کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیاو".

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " بەکر عەلی سەرۆکی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند " ئەمڕۆ سێ شەممە ژمارەی راستەقینەی سەرنیشینەکانی ئەو یەختەمان دەستکەوتووە کە زۆرینەیان کوردن ژمارەیان ٧٥ کەس بووەو تا ئێستا چارەنووسی ٦٤ کەسیان نادیارە".

سەرۆکی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێو ئەو هاوڵاتیانەدا کە چارەنووسیان نادیارە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵی تێدایەو سەرجەم ئەو کوردانە دانیشتووی باشووری کوردستانن لە شارەکانی هەولێر و رانیە، هەروەها ژمارەیەکی کوردی رۆژهەڵاتیان لەگەڵدایە، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانی".

لە بارەی دەرچوونی ئەو یەختەوە لە تورکیا، بەکر عەلی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەختەکە لە ناوەراستی هەفتەی رابردوودا لە تورکیا لە کەناراوەکانی بوتروم دەرچوون و دواتر دوورگەی دانکیۆسیان لە یۆنان بڕیووەو تەنها ١٠٠ میلیان ماوە بۆ ئیتالیا تووشی رووداوەکە بوون".

 پێشتریش کۆنسێتا گیۆفۆرێ لە خاچی سووری ئیتاڵی،  ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" ئەو بەلەمەی لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا نوقومببوو بەگشتی تەنیا ١٢ کۆچبەریان لە کەناراوی (رۆسێلا جۆنیکا) رزگار کراون کە ژن و منداڵیشیان تێدا بووە". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، لەو ١٢ کەسە تەنها یەک ژن بە مردووی دۆزراوەتەوە و ٣ ژن و کچێکی تەمەن ١٠ ساڵیشیان تێدابووە.  

هەر لەو کاتەدا یەختێکی تریش کە زیاتر کۆچبەری عەرەبی تێدابووە لە کەنارەکانی ئیتالیا تووشی کێشەبوون، بەڵام زۆربەیان رزگاریان بووە.




PM:07:01:18/06/2024