لە هندستان زیاتر ١٠٠ کەس بە گەرما گیانیان لەدەستدا

وەزارەتی تەندروستی هیندستان ڕایدەگەیەنێت" زیاتر لە ١٠٠ کەس، بەهۆی ئەو شەپۆلی گەرما بەهێزەی ڕووی لە وڵات کردووە گیانیان لەدەستداوە". 

وەزارەتی تەندروستی هیندستان، لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ٤٠ هەزار و ٢٧٢ حاڵەتی نەخۆشكەوتن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە نەخۆشخانەكانی هیندستان تۆمار كراون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا لە سێشەممەی ڕابردوودا ٤٥٧ حاڵەتی نەخۆشكەوتن تۆماركراون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. 

ڕوونیشیکردەوە، زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدان لە شاری ئۆتار پرادش بووە و دوای ئەویش هەریەک لە پارێزگاکانی راجستان، بیهار و ئۆدیشا بوون. 

لە هەندێک ناوچەی هیندستان پلەکانی گەرما گەیشتووەتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی،  ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خواستێکی زۆر لەسەر کارەبا هەبێت، هەروەها هاوڵاتییانی هیندستان بە دەست قەیرانێکی سەختی بێ ئاوییەوە دەناڵێنن.



PM:03:31:21/06/2024