چەند کاتژمێریک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، دوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە کێبڕکێکە کشانەوە.
عەلیرەزا زاکانی کاندیدی نەریتخواز بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران داوای هاوپەیمانی نێوان (سەعید جەلیلی و محەمەد باقر قالیباف) و بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوپەیمانییە، لە کاندیدبوونی خۆی کشایەوە.
زاکانی لە تۆڕی میدیایی (ئێکس) بڕیاری کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئاژانسە فەرمییەکانی هەواڵیش ئەم هەواڵەیان بڵاو کردەوە.
لەلایەکیترەوە چەن کاتژمێرێک لەمەوپێش،یەکێکی تر لە بەربژێرەکان بەناوی ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، لە کێبڕکێکە کشایەوە.
غازی زادە هاشمی، وەک یەکێک لە جێگرانی سەرۆک و سەرۆکی (دامەزراوەی کاروباری شەهیدان) کاری کردووە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢١ خۆی کاندید کرد و نزیکەی ملیۆنێک دەنگی بەدەستهێنا و لە پلەی کۆتایی هات.
لە ئێستادا چوار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئێران، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان لەگەڵ هەریەک لە مستەفا پور محەمەدی، محەمەد باقر قاڵیباف و سەعید جەلیلی بەربژێرانی نەریتخوازەکان.
ئەم جۆرە کشانەوەیە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا باوە، بە تایبەت لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی پێش دەنگدان کاتێک بانگەشەکان دەچنە قۆناغێکی بێدەنگی هەڵبژاردنەکانەوە.
سبەینێ هەینی، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەمەش پاش نزیکەی مانگێک دێت لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی و یاوەرەکانی.