لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی ڕاپەرێکی ئێرانی دەکات

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە رێکخراوێکی جیهانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانە، داوای ئازادکردنی ڕاپەری ناسراو تۆماج ساڵحی دەکات کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بڕیاری سزای لە سێدارەدانەکەی لەلایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە (ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پێویستە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بری درێژکردنەوەی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی توماج ساڵحی ڕاپەر، بە بێ هیچ مەرجێک لە زیندان ئازادی بکەن". 

لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهانەوە "بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی" سزای لە سێدارەدان بەسەر توماج ساڵحیدا سەپێندرا، بەڵام  ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان بەسەر ڕاپەری ناسراو تۆماج ساڵحی. 

توماج ساڵحی ساڵی ١٩٩٠ لە پارێزگای ئەسفەهان لە دایکبووە و گۆرانیبێژێکی راپەری ئێرانە و لەپاڵ هونەرەکەشیدا، وەکو کرێکار کاری کردووە.

هەروەها لە ڕێگەی گۆرانی و پۆستەکانی لە سۆشیال میدیا، پشتیوانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرامبەر پاشخانی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان سەریهەڵدا. 



PM:06:46:27/06/2024