دوای چوار ساڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستا لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و هەردووکیان یەکتریان بە خراپترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا ناوبرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆبایدن سەرۆکی ئێستا لە دیبەیتێکی ٩٠ خولەکیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە کە تێیدا هەردوو سەرۆک لەسەر کۆمەڵێک بابەت گفتوگۆیان کرد و لە چەند بابەتێکیش یەکترییان بەج خراپترین سەرۆک لە مێژوودا ناوبرد.
لە بەشێکی دیبەیتەکەدا دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا فەرمانی کوشتنی بەغدادی سەرکردەی داعش و قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی داوە.
هەروەها ترەمپ ئەبوبەکر بەغدادی و قاسم سولەیمانی بە گەورەترین "تیرۆریستی جیهان" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە کوشتنیان بۆ بەرژەوەندی هەموو جیهان بووە.
هەروەها ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا گرت و وتی" لە سەردەمی مندا ئێران مایەپووچ بوو و هیچ پارەیەکی نەبوو بۆ تیرۆر تەرخانی بکات و ئەگەر من سەرۆک بوومایە مەحاڵ بوو بۆ حەماس هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل".
بایدن لە وەڵامدا وتی" لە سەردەمی ترەمپدا هێرشکرایە سەر بنکەی ئەمریکی و ترەمپ هیچی نەکرد و وتی زیانی مێشکی سەربازە ئەمریکییەکان تەنها سەرئێشەیەکی بچووکە".
پاشان بایدن ئاماژەی بە شەڕی غەززە کرد و ڕایگەیاند" تاکە کەس کە دەیەوێت شەڕەکە بەردەوام بێت حەماسە".
جۆبایدن بە ئاماژە بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل وتی" من ئەو کەسە بووم کە جیهانم بۆ بەرگری لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی کۆکردەوە".
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند" نەخێر، ئەوە ئیسرائیلە کە دەیەوێت درێژە بە شەڕەکە بدات، چونکە دەیەوێت حەماس لەناوببات و ناچارە ئەو کارە بکات".
بایدن هەروەها جەختی لەسەر پێویستی لەناوبردنی حەماس کردەوە.
پاشان ترەمپ لە درێژەدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر سەرۆک بوایە، لە بنەڕەتدا حەماس هێرشینەدەکردە سەر ئیسرائیل و شەڕێک دەستیپێنەدەکرد، "چونکە ئێران هێندە لاواز و ئیفلاسی کردبوو کە چیتر نەیتوانی پارە بدات بە حەماس و پشتیوانی بکات".
دۆناڵد ترەمپ وتیشی" لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا هەر وڵاتێک ئاڵوگۆڕی دارایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنانەت چینیش بکات، سزای بەسەردا دەسەپێنرا".
دۆناڵد ترەمپ هەروەها جۆ بایدنی تۆمەتبار کرد بە دانی فیدیە بە کۆماری ئیسلامی و وتی" بایدن شەش ملیار دۆلاری داوە بۆ ئازادکردنی پێنج بارمتە، لە کاتێکدا من کۆی گشتی ٥٦ بارمتەم ئازاد کرد و هیچم نەدا".
هەروەها ترەمپ بە توندی هێرشیکردە سەر سیاسەتی کۆچبەری بایدن و ڕایگەیاند" بایدن سنوورەکانی کردەوە و بە کردەوە هیچ سنوورێک بۆ ئەمریکا نەماوە". بەڵام لە بەرامبەردا بایدن سیاسەتی ترەمپی بە "گەمژە" ناوبرد.
وتیشی" لە سەردەمی مندا ئەمریکا هەموو ئەو پارەیەی بۆ ناتۆ دابین دەکرد، بەڵام وڵاتانی ئەوروپام ناچار کرد بەشێک لە تێچوونەکان بدەن".
لە کاردانەوەی ئەم قسانە، بایدن وتی" من هەرگیز قسەی گەمژانەی وام نەبیستووە، ئەم کەسە نازانێت باسی چی دەکات، ئەو دەڵێت ئەمریکا لە ناتۆ دەکشێنمەوە".
بایدن هێرشیکردە سەر ترەمپ لەسەر کارەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا، وتی" کە ترەمپ لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس کشایەوە و دەیەوێت هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا کردوویەتی هەڵبوەشێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ زیاتر لە ١٠٠ یاسا و ڕێوشوێنی ژینگەیی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباما جێبەجێکرابوون.
ترەمپ لە کۆتایی دیبەیتەکەیدا جۆ بایدنی بە "خراپترین سەرۆک لە مێژوودا" ناوبرد و وتی" کە ئەمریکای نائەمنی کردووە و ناوبانگی ئەمریکای لە جیهاندا لە ناوبردووە و ئێمە سێ ساڵ و نیوە لە دۆزەخدا دەژین".
لە کۆتا وتارەکەیدا بایدن بەڵێنیدا کە ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، تێچووی تەندروستی و چارەسەر کەمدەکاتەوە و هاوکاری بژێوی خێزانەکان دەکات.