ئەردۆغان وادەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێم ڕاگەیاند

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت" کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی (جنگ – قفڵ) لە هەرێمی کوردستان زۆر نزیکە". 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ شەممە لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە ئاهەنگی دەرچوونی خولێکی سەربازی رایگەیاند" لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی (چنگ - قفڵ)، قفڵ لە بۆشاییەکان دەدەین و کۆنترۆڵی دەکەین".

وتیشی" خاڵە ونبووەکانی پشتێنی ئەمنی بە درێژایی سنووری باشووری خۆمان لەگەڵ سووریاش تەواو دەکەین". 

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند" چیتر رێکخراوی جوداخواز لە ناو سنوورەکانی وڵاتەکەماندا ناتوانێت چالاکی ئەنجامبدات، لە عێراق و سووریاش رێکخراوە یاخییەکان رێگەی دەرچوونییان لێگیراوە".

لە لایەکی ترەوە وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چیای گارەش کۆنترۆڵ دەکەن و وتیشی" یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا ئاشكرای دەكات، ئۆپراسیۆنی چنگی قفڵ كە لە باكوری عێراق دژی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامدەدرێت، مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو كۆتایدێت، پێش هاتنی زستان".

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە ئۆپراسیۆنی (چنگ - قفڵ) لەلایەن وەزارەتی بەرگری توركیاوە لە ناوچەکانی (ئاڤاشین، مەتین و زابی) هەرێمی کوردستان دەستیپێكردووە، تا ئێستەش فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانیان چڕتر کردووەتەوە لە ناوچەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.




PM:06:31:13/07/2024