ماوەی چەند مانگێکە ئەردۆغان نەرمی پێشاندەدات بۆ کۆبوونەوەو رێککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، ئەمڕۆ بە ئاشکرا ئەسەد مەرجەکانی راگەیاند کە ئەویش پاشەکەشکردنی سوپای تورکیایە لە سوریا.
لە راگەیەندراوێكدا سوریا ئاشکرای کرد بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دەبێت هەنگاوی سەرەکی و پێشینەش كشانەوەی ئەو هێزانەیە كە بەشێوەی نایاسایی لەناو خاكی سوریادان لەگەڵ روبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان كە بەتەنیا هەڕەشە لە ئاسایشی سوریا ناكەن، بەڵكو هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی توركیاش".
لە راگەیاندنەکەی سوریادا ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت تورکیا هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١ ە.
لە راگەیاندنەکەی سوریادا `سوپاسی وڵاتانی " براو دۆست" دەکات كە هەوڵی راستگۆیانە دەدەن بۆ راستكردنەوەی پەیوەندی سوریاو توركیا.
ئەوە لە کاتێکدایە هەوڵێکی روسی و عێراقی هەیە بۆ سازکردنی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، عێراق پێیباشە لە بەغدا بکرێت، وەک ئاشکرا بوو روسیا لەگەڵ ئەو کۆبوونەوەیەدا نییە کە لە عێراق سازبکرێت و، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان لە تورکیا سازبکرێت، هەرچەندە بەم راگەیاندنەی سوریا پرسەکە گەڕایەوە خاڵی سفر، چونکە تورکیا قبوڵی ناکات بکشێتەوە لە سوریا.