ئەمریكا: ئەمساڵ ١٩٦ ئۆپراسیۆنمان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە

فەرماندەی ناوەندى هێزەکانى ئەمەریکا ئامارى شەش مانگی ئەمساڵی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە عێراق و سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەراورد بە ساڵى رابردوو هێرشەکان دوو هێندە زیادیکردووە". 

ئێرک کۆرێلا فەرماندەی ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، بە مەبەستی رێگریکردن لە هێرشەکانى داعش لە عێراق و سوریا، بە هاوبەشى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق و هاوپەیمانانى دژى داعش و هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (١٩٦) ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵى رابردوو ئەو هێرشانە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و ئەم زیادبوونەش ماناى ئەوەیە داعش هەوڵى خۆ بەهێزکردنەوە دەدات، دوای چەند ساڵێک لە کەمبوونەوەی تواناکانی.

فەرماندەی ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکاندا (٤٤) چەکداری داعش کوژران و (١٦٦) کەسیش لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دەستگیرکراون، هەروەها لە سوریاش (٥٩) ئۆپەراسیۆن شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوبەشەکانی دیکە ئەنجامدراون، لە ئەنجامدا (١٤) چەکداری داعش کوژراون و (٩٢) داعشیش دەستگیرکراون. 

باسی لەوەشکردووە، لە عێراق (١٣٧) ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا (٣٠) چەكداری داعش كوژراون و (٧٤)ی دیكەش دەستگیركراون.

سێنتکۆم جەختیش دەکاتەوە، لە تەواوى ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا، هەشت سەرکردەى باڵایی داعش کوژراون و (٣٢)ى دیکەش کە بەرپرسی ڕێکخراوەکە بوون دەستگیرکراون کە کاریان ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن بووە لە دەرەوەى عێراق و سوریا، ئەمە جگە لەوەى ئەرکى راهێنان بە چەکداران و بەقاچاغبردنى چەکیان کردووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ لەناوبردنى ئەو ئەندامانەى داعش کە هەوڵى ئەنجامدانى هێرش و ئۆپەراسیۆن دەدەن لە دەرەوەى عێراق و سوریا". 



AM:10:31:17/07/2024