ئەمڕۆ ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەی کۆتایی هەفتە بەدرۆن کرایە سەری، هێرشێکی فراوانی کردە سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران رایگەیاند" هیچ شوێنێک نییە کە گورزی سەربازی ئێمەی پێی نەگات".
هەروەها وتیشی" ئەو بەندەرەی کە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لە یەمەن "بەندەرێکی بێتاوان نییە، بەڵکو بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردێت”، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
وتیشی " سووپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەندەرێک کە بەکاردەهێرنرێت بۆ هێنانی چەکی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە".
ناتانیاهۆ لە کۆتایشدا وتی " بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خۆمان دەکەین".
لەلایەکی ترەوە گالانتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند" حوسییەکان زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشیان کردە سەر ئێمە، یەکەم جار کە زیانیان بە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی گەیاند، ئێمە بۆردومانمان کردوون، ئەگەر پێویست بکات لە هەر شوێنێک ئەو کارە دەکەین".
سەرکردەیەکی حوسییەکان سوێندی خوارد کە ئەو هەڵمەتانەی ئیسرائیل کە ڕۆژی شەممە بەندەری حودەیدە لە یەمەنیان کردە ئامانج، "بە توندوتیژی بەرەوڕوو دەبینەوە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "باجی ئەو هێرشانە دەدات".
محەمەد ئەلبوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حوسییەکان لە هەژماری کۆمەڵایەتی " x " ڕایگەیاند، "تەلئەبیب باجی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنیەکان دەدات، ئێمەش لەگەڵ ئەو هەڵکشانەی جەنگەکەدا توندتر رووبەڕووی دەبینەوە".