ئیسرائیل کاتز: تورکیا پارە و چەک بۆ حەماس دابین دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل تورکیا تۆمەتبار دەکات بە دابینکردنی پارە و چەک بۆ حەماس و شەرکردن لە دژی ئیسرائیل، و دەڵێت" ئەردۆغان بەهۆی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و دژە جوو، خەریکە تورکیا دەکاتە وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر و نزیکبوو لە میحوەری شرانگێز‌ لە ژێر سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا".

بە گوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی تەمموز ڕایگەیاند" وڵاتەکەی ئەندامانی شانەیەکی تیرۆریستیان دەستگیر کردووە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دارایی و چەکداری کراون".

کاتز ئاماژەی بەوەشداوە، دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ناوخۆی ئیسرائیل (شین بەت)، ئەندامانی شانەیەکی حەماسیان دەستگیرکردووە کە خوێندکاری زانکۆی بیرزەیت بوون لە ڕامەڵڵا، و دەڵێت " فەرماندەیی بزووتنەوەی حەماس لە تورکیا، ئەندامانی دەستگیرکراوی حەماسی ئاڕاستە کردووە".

 جەختیشیکردۆتەوە" ئەو تیرۆریستە دەستگیرکراوانە کە ڕاهێنانی سەربازیان پێکراوە و چەک وهەزاران دۆلاریان پێ بووە، بە تەمای ڕێکخستن و ئامادەکردنی هێرشێکی تیرۆریستی بوون لە ناو ئیسرائیلدا".

کاتز لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوێتی " ئەردۆغان بەهۆی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و دژە جوو، خەریکە تورکیا دەکاتە وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر و نزیکبوو لە میحوەری شرانگێز‌ لە ژێر سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە کە بەشێوەیەکی تەنز ئامیز وێنەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای تێدایە نووسیویەتی، ئەردۆغان بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل، پارە و چەک بۆ "شانە تیرۆریستییەکانی حەماس" دابین دەکات.

تا ئێستا تورکیا بەفەرمی هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر وتەکان و پۆستەکەی کاتز نەبووە.

لە ناوەراستی ئەم مانگە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند" ئەنقەرە بە پلانەکانی هاوکاریی نێوان ئیسرائیل و ناتۆ ڕازی نابێت، ئەمەش کاردانەوەی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ١٢ی ئەم مانگە ڕەخنەی توندی لە لێدوانی سەرۆککۆماری تورکیا گرت و وتی"کە وڵاتێکی وەک تورکیا کە پاڵپشتی لە بکوژان و دەستدرێژیکارانی حەماس و میحوەری شەرانگێزی ئێران دەکات، نابێت ئەندامی ناتۆ بێت".

ئەردۆغان کە هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس هەبووە و چەندین جار لە تورکیا میوانداریی کردوون، لەم دواییانەدا لە وەڵامی چڕبوونەوەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، پشتیوانی ئەنقەرەی بۆ لوبنان ڕاگەیاند و داوای لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کرد هەڵوێستێکی هاوشێوە بگرنەبەر.






PM:04:23:22/07/2024