ئەمڕۆ پێنج شەممە شا عەبدوڵڵای دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەرکرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
لە فەرمانێکدا کە دادگای شاهانە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا له زاری شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن بڵاویکردووەتەوە، تێیدا هاتووە" بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی (٣٤) دەستوور ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەمڕۆوە هەڵدەوەشێتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئوردن ڕۆژی ١٠ی ئەیلولی ئەمساڵی وەک ڕۆژی دەنگدان لە (٢٠)مین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە مێژووی ئوردندا دیاریکردووە کە له (١٣٠) كورسی پێكهاتووە.
هەروەها پێشبینی دەکرێت دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پادشای ئوردن چەندین گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی وڵاتەکەیدا بکات.