هێرشێكی گەورەو بەرفراوان تۆڕی شەمەندەفەری خێرای فەڕەنسای کردووەتە ئامانج

هێرشێكی گەورەو بەرفراوان تۆڕی شەمەندەفەری خێرای سەربە كۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەڕەنسا "ئێس ئێن سی ئێف"ی كردە ئامانج، ئەمەش پشێوی دروستكردووە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە خۆی بۆ ئاهەنگی كردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپییەكانی پاریس ئامادە دەكات. 

جان بیار فاراندۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری فەرەنسی (ئێس ئێن سی ئێف) رایگەیاند، هێرشێكی بەرفراوان كراوەتەسەر هێڵەكانی شەمەندەفەری خێرا، ئەمەش دەبێتەهۆی تێكدانی جوڵەی شەمەندەفەرەكان بە درێژایی پشووی كۆتایی هەفتە و، گرفت بەرۆكی نزیكەی ٨٠٠ هەزار سەرنشین دەگرێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆمپانیای هێڵی ئاسن، هێرشەكە لەشێوەی كردنەوەی ئاگری بە ئەنقەست بووە، بەمەبەستی زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی هێڵی شەمەندەفەری خێرا.

هاوكات پاتریس فێرگریت، وەزیری گواستنەوە بە وەكالەت ئەو "كارە تاوانكارییە”ی رووبەڕووی هێڵەكانی شەمەندەفەری خێرا بووەتەوە ئیدانە كرد.

هۆشداریشیدا لە لێكەوتەكانی بەهۆی رەتكردنەوەی زۆرێك لە گەشتەكانەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنها چەند كاتژمێرێکی ماوە بۆ ئاهەنگی دەستپێكردنی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریس كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.




PM:02:04:26/07/2024