کەمێک لەمەوبەر بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەرپرسێکی باڵای حزبوڵا کوژرا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵا لە هێرشێکدا بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کراوەتە ئامانج. تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو ئاشکرا نەکراوە.
سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر باشووری بەیروت راگەیاند ودەڵێت" کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە تۆڵەی هێرشە کوشندەکەی حزبوڵای لوبنانە کە بۆ سەر مەجدەل ئەنجامدراوە".
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتی" ئێمە فەرماندەی بەرپرسی کوشتنی منداڵانمان کردە ئامانج".
چەند خولەکێک دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حزبوڵڵا "هێڵی سووری بڕیوە".
چەند سەرچاوەیەک ناوی ئەم فەرماندەیەی حزبوڵایان بە "فواد شوکر "ڕاگەیاندووە. ناوبراو کە بە حاج موحسین ناسراوە، فەرماندەی پڕۆژەی مووشەکی ئەم گرووپەیە کە کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی دەکات.
هەروەها شۆکر لەلایەن ئەمریکاوە داواکراوە بەهۆی تێوەگلانی لە هێرشەکەی ساڵی ١٩٨٣ بۆ سەر بنکەی دەریایی ئەمریکا لە بەیروت.
هەروەها ناوبراو جێگری باڵای حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانە.
ڕۆژی شەممە لە ئەنجامی هێرشێکی موشەک بۆ سەر یاریگایەکی تۆپی پێ لە گوندێکی بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، دوانزە کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئەم هێرشە ١٣ برینداری لێکەوتەوە.