بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کۆدەبێتەوە

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانەکانی کۆدەبێتەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی ئابی ٢٠٢٤ لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە" بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانانی تاران لە ناوچەکە، لەوانەش لوبنان، عێراق و یەمەن کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل". 

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی خامەنەیی رابەری باڵای ئێران بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" لێکۆڵینەوە دەکەین کە چۆن وەڵامی کوشتنی هەنیە دەدەنەوە، وەڵامدانەوەکەش حەتمییە". 

هەروەها لای خۆشیەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند" ئیسرائیل باجی قورس دەدات بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سنوورەکانی ئێران و بەجۆرێک کە بە مێشکیدا نایەت و ناتوانێت خەیاڵی بکات". 

هەرچەندە ئێران و حەماس، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشه‌کەی سەر ئیسماعیل هه‌نییه‌، بەڵام تائێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە. 



PM:05:06:01/08/2024