میدیا فەرمییەکانی ئێران هەر زوو ئەو زانیاریانەیان بە " درۆ خستەوە" کە ئیسماعیل هەنییە لە رێگای بۆمبی چێنراوەوە کرابێتە ئامانج و ئەوان رایدەگەیەنن" لە رێگای مووشەکەی ئاگرینەوە کراوەتە ئامانج".
ئاژانسی فارس شەوی رابردوو بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان وردەکاری کوژرانی ئیسماعیل هەنیە و لایەنی ئەنجامدەر ئاشکرا دەکات.
ئەو ئاژانسە دەڵێت " لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی چوار شەممەدا ئەنجامدرا، ماڵی شەهید هەنیە بە مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە بەشێک لە سەقف و پەنجەرەی ماڵەکەی رووخاوە کە دەکەوێتە نهۆمی چوارەمی بینایەک لە ناوچەی زەعفەرانیە".
ئەو میدیایە ئاماژە بەوە دەکات لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم کردەوە " تیرۆریستییە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە پلان بۆ داڕێژراوە و ئەنجام دراوە.”
دوێنێ هەر یەک لە نیۆرک تایمز و ئەکسیۆس بڵاویان کردەوە هەنییە لە رێگای بۆمبێکی چێنراوەوە کە دوو مانگ لەمەوپێش دانراوە تەقێنراوەتەوە لە دوورەوە.