سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەکارکێشایەوە و وڵاتەکەشی بەجێهێشت، فەرماندەی سوپاش ڕایگەیاند" حکومەتی ڕاگوزەر پێکدەهێنن".
ئەمڕۆ دووشەممە، خۆپیشاندەرانی بەنگلادیش شێخ حەسینە وەجید سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان ناچارکرد، دەست لەکاربکێشێتەوە و پاشان بەرەو هندستان هەڵات.
لایخۆشیەوە جەنەراڵ واکەر ئوز زامان، فەرماندەی سوپای بەنگلادیش پاش ئەوەی شێخ حەسینە هەڵات، ڕایگەیاند" حکومەتێکی ڕاگوزەر لە وڵاتدا دادەمەزرێنێت و ئەگەر خۆپیشاندان و ڕووداوەکانی توندوتیژی لە وڵاتدا ڕابوەستن، ئەوا پێویست بە ئیدارەی سەربازی نابێت".
فەرماندەی سوپای بەنگلادیش بەڵێنی دا بە لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران لە ڕووداوەکانی توندوتیژیی وڵاتەکەدا و، ڕایگەیاند" دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەسوود لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکاندا بڕیارماندا بە پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەر. بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار، محەمەد شەهابودین کۆدەبینەوە".
چەند ڕۆژێکە شەپۆلێک خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەنگلادیشی گرتووەتەوە و توندوتیژی لێکەوتەوە و بە هۆیەوە سەدان کەس بوونە قوربانی.