ترامپ: جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لە جەنگی جیهانی سێهەمەوە


سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترامپ رایگەیاند" جیهان لە هەموو كات نزیكتر بۆتەوە لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم".

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ ی ئاب دۆناڵد ترەمپ كە کاندیدی کۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ویلایەتی فلۆریدا وتی " دۆخی جیهان بەگشتی ئاڵۆزە و ئێستا لە هەموو كات نزیكتر بووینەتەوە لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی سێیەم".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" بەداخەوە سەرۆك و سەركردەی ئاوامان هەیە، نازانێت چۆن لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە گەورەیە هەڵسوكەوت بكات".

ئەو دۆخی وڵاتەکەشی بە مەترسیدار زانی و وتی" ئەمەریكا ئێستا لە مەترسیدارترین دۆخی دایە لە رووی ئابووری و ئەمنیدا و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت تووشی كارەسات دەبینەوە".

مانگی ١١ ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایەو رۆژ بەرۆژ کێبەرکێی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان توندتردەبێتەوە، بەتایبەتی دوای کشانەوەی بایدن و کاندیدکردنی کامالا هاریس.




AM:01:25:09/08/2024