بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیەک لە غەززە زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئابی ٢٠٢٤، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکانی غەززەی تێیدا نیشتەجێن زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران. 

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەی(التابعین) کە خەڵکی ئاوارەی گەڕەکی دەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە تێدا نیشتەجێن، زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون". 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی فریاگوزاری لە غەززە بەردەوام بوون لە دەرهێنانی دەیان تەرم و بریندار لە ژێر داروپەردووی قوتابخانە بۆردومانکراوەکە.

هەروەها لای خۆشیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە پشتڕاستیکردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە قوتابخانەی تابعین بە ٣ موشەک ئاوارەکانیان کردۆتە ئامانج.

لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" لەژێر ڕێنمایی هەواڵگری IDF، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشیکردە سەر حەماس کە لەناو ناوەندی فەرماندەی و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەکەدا کار دەکەن". 



AM:10:47:10/08/2024