جارێکی دیکە خەمیس خەنجەر لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا دەدرێت

بۆ جاری دووەم خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە هۆی" بەشداربوون لە گەندەڵیکردن و قۆرغکردنی سامانی حکومەت بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی کەسی"، خرایە ناو لیستی بلۆککراوان و سزا درا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت"  جارێکی دیکە ناوی خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەمان بۆ لیستی کەسایەتییە سزادرا و بلۆککراوەکانمان زیادکردووە".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راشیگەیاند"  هەر سەروەت و سامانێکی خەمیس خەنجەر لە وڵاتەکەمان بێت بلۆککراوە و ڕێگریش دەکەین لە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن".

لە بەڵگەنامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هاتووە" خەنجەر بەشدارە لە گەندەڵیکردن و قۆرغکردنی سامانی حکومەت بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی کەسی، پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی حکومی و کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەر حسابی موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی عێراق".

ئەمە بۆ دووەمین جارە کە گەنجینەی ئەمریکا ناوی خەمیس خەنجەر دەخاتە ناو لیستی سزادراوەکانیەوە کە جاری پێشوو لە ٧ـی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ بوو بە هەمان تۆمەتەکانی ئێستا.




PM:03:49:10/08/2024