سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەخت لە وەدەکاتەوە کە ئێران ئامادەیە بۆ تۆڵەی کوژرانی هەنییە و دەڵێت " بەستێن بۆ تەمێی چڕی ڕژیمی زایونی( ئیسرائیل)، کە جگە لە زمانی زۆر تێناگات، خۆش کراوە".
عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ( مێهری) ئێرانی راگەیاند" ڕەوتی یاسایی، دیپلۆماتیک و مێدیایی تێپەڕیوە و بەستێن بۆ تەمێی چڕی ڕژیمی زایونی( ئیسرائیل)، کە جگە لە زمانی زۆر تێناگات، خۆش کراوە".
عەلی شەمخانی دەڵێت" تەنیا ئامانجی ئیسرائیل لە کوشتوبڕی نوێژخوێنەکان لە قوتابخانەی تابعین لە غەزە و تیرۆری شەهید هەنییە لە ئێران شەڕخوازی و سەرنەکەوتنی دانوستانی ئاگربڕە".
ناوبراو زیادی کرد" ڕەوتی یاسایی، دیپلۆماتیک و مێدیایی تێپەڕیوە و بەستێن بۆ تەمێی چڕی ڕژێمێک کە جگە لە زمانی زۆر تێناگات، خۆش کراو".
لای خۆشیەوە ئەمڕۆ عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند" فەرمانەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەبارەی سزادانی ئیسرائیل و تۆڵەی ئیسماعیل ھەنییە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەش ئەرکی ئێستای ئێرانە فەرمانەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات، و ئێمەش فەرمانەکانی ڕابەری باڵای ئێران لەبارەی سزادانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکەین".
ئەو هەڕەشانەی ئێران دوای ئەوە دێت کە ئیسماعیل هەنیە کەسی یەکەمی بزووتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ٣١ ی تەموز لە تاران کرایە ئامانجی ئیسرائیلیەکان و دوای کوژرانی خامنەیی فەرمانی کرد کە " راستەوخۆ هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل". ، بەڵام تائێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە و دەڵین" ئەگەر ئێران هێرش بکات ئێمەش وەلامی تووندمان بۆی دەبێت".