"بەهۆى بۆردومانکردنى ئۆتۆمبێلێک لە سوریا پێنج چەکداری ئێران کوژران"

لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێنج چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران. 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ لە نێوان گوندەکانی کشمە و دویر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کە دەکەوێتە نزیک شاری بوکەمالی سنووری نێوان سووریا و عێراق، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کرایە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێنج چەکدار کوژران کە سەر بە گروپە چەکدارەکانی نزیک ئێرانن. 

تا ئێستا ناسنامەی ئەو لایەنە ئاشکرانەکراوە کە هێرشەکەی ئەنجامداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش بنکەی سەربازی (خەراب جیر) کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێن لە سنووری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بریندار بوون. 



PM:04:19:11/08/2024