ئاژانسی ئیرنای ئێران بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاریی جەنگیی مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران ئەنجامدەدات.
ئاژانسی ئیرنای ئێرانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئاب لە زاری فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاریی جەنگیی و باشترکردنی توانای شەڕکردنی هێزە سەربازییەکانی ئێران سوپا مانۆڕێکی سەربازی لە ڕۆژئاوای ئێران ئەنجام دەدات.
ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە کاتێکدایە، ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل دەکات.
هاوکات، رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێشبینیدەکرێت لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا، حیزبوڵای لوبنانی هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانە، چاوەڕواندەکرێت ئێران دوای هێرشەکانی حیزبوڵا هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێبکات".