بلینکن داوا لە سودانی دەکات ڕاوێژکارە سەربازەکانیان لە هەر هێرشێک بپارێزێت

پێش سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا سودانى ئاگادار دەکاتەوە بۆ پاراستنى ڕاوێژکارە سەربازەکانیان لە هەر هێرشێک.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە" دوێنێ دووشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە هەڵکشانی گرژییەکان گفتوگۆی کردووە". 

بلینکن هەروەها جەختی لە بەرپرسیارێتی عێراق کردووەتەوە بۆ پاراستنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە هەر هێرشێک.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەنیازە سەردانی قەتەر و میسر و ئیسرائیل-یش بکات.

سەردانەکە لەگەڵ گرژییەکانی ناوچەکەدا دێت کە پێشبینی هێرشی ئێران لەگەڵ حزبوڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ئیسماعیل هەنیە دێت لە تاران.



AM:08:49:13/08/2024