دوابەدوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە ناوچەکانی سەر سنووری سوریا و ئوردنی گرتەوە، بومەلەرزەزانی هۆڵەندی فرانک هوگربێتز بە هۆشدارییەکی نوێ هاتە سەر هێڵ، کە هۆشدارییەکانی هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ دروستدەکات.
فرانک هوگربێتز بوومەلەرزەناسی هۆڵەندی ئەمڕۆ هەینی لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X”، هۆشداری دا لە بومەلەرزەی گەورە دەدات کە بەم زووانە روودەدەن و، داوای لە دانیشتوانی هەرێمەکە کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خۆیان ئامادە بکەن بۆ روودانی ئەو بوومەلەرزەیە، لە کاتێکدا زانایانی ئەو بوارە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناتوانرێت پێشبینی بە روودانی بوومەلەرزەوە بکرێت.
فرانک هوگربێتز چەند ڕۆژێک پێش رۆژی ١٨ و ١٩ی ئەم مانگە هۆشداری دابوو لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە لە شاری مەرمەرا لە تورکیاش.
ئەمڕۆش هەینئی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤،٨ ڕێختەر ناوچەی سنووری ئوردن و سوریای هەژاند، بەپێی ئەوەی سەنتەری توێژینەوەی زانستە زەوییە ئەڵمانییەکان GFZ ڕایگەیاندووە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر بووە.
دانیشتوانی سەرتاسەری سوریا و لوبنان هەستیان بەم لەرزینە کرد، هەروەها هەندێک ناوچەی تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئەوەی کە ئاژانسی فەرمیی سوریا پشتڕاستیکردووەتەوە، نزیکەی ١٧ کەس لە شاری سەلامیە لە ڕۆژئاوای سوریا برینداربوون.
درەنگانی شەوی دووشەممەی ڕابردووش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٨ پلە لە شاری حەما لە ڕۆژئاوای سووریاش هەژاند و بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و دەیان کەس بریندار بوون، بەڵام هیچ حاڵەتی گیان لە دەستدانێک تۆمار نەکرا.