بەرپرسانی باڵای سەربازی سەرکردایەتی سیاسی لە ئیسرائیل ئاگادارکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە کۆتایی هاتووە.
هەریەک لە کەناڵەکانی مەکان و کان ١١ی ئیسرائیلی، لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی وڵاتەکەیانەوە ڕایانگەیاندووە" سوپای ئیسرائیل پڕۆسە سەربازیەکانی لەناو کەرتی غەززە بە تەواوی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام سوپاکەیان هەرکات خواستی هەبوو بە تایبەت لە کاتی پێویستدا دەتوانێت بچێتەوە ناو کەرتی غەززە، کاتێک زانیاری هەواڵگری نوێ هەبێت".
دەشڵێن" سوپای ئیسرائیل بە بڕیاردەرانی ڕاگەیاندووە کە لیوای ڕەفحی سەر بە حەماس هەڵوەشاوەتەوە و نزیکە لە نەبوون، لە میانی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی".
ڕاشیانگەیاندووە" ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، دوای ئەوەی زۆربەی یەکەکانی شەڕی حەماس هەڵوەشاونەتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریدا لەوەی کە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ پرۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.