ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ نۆیەمین جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێی واشنتۆن دێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەزە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وڵاتەکەی بەجێهێشت و بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوت، ئەوەش دوای دو ڕۆژ لە گفتوگۆکان دێت لە دوەحە سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەزە لەسەر داواکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمە نۆیەمین گەشتی بلینکنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ، بەلام تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە وردەکاری و سەردانەکەی ئەم جارەی ئاشکرانەکراوە.
دوێنی دوایین گەڕی دانوستانەکان بۆ ئاگربەست لە غەزە کۆتایی هات و بڕیارە دوشەممەی داهاتو دەستپێبکاتەوە، ئەگەرچی بزوتنەوەی حەماس لە دانوستانەکان ئامادەنەبوو بەڵام جۆ بایدن ڕایگەیاند ئەنجامی دانوستانەکان ئەرێنی بوە.