لە یەک رۆژدا نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەر دەگەنە ناو خاکی بەریتانیا

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند" لە یەک رۆژدا بە چەند بەلەمێکی بچوک نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز پەڕیونەتەوە و هۆشداریش دەدات لە ئەگەری بونی کەشوهەوای لەباردا کۆچبەری زیاتر بچێتە وڵاتەکە".
 
 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردوە"٤٩٢ کۆچبەر لەڕێی نۆ بەلەمی بچوکەوە کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو وڵاتەکە بڕیوە و سەدانی دیکەیش بەڕێگاوەن بۆ گەیشتن بە وڵاتەکە".

 ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تەنها لەماوەی هەفتەیەکدا هەزار و ٤٢٧ کۆچبەر و لە ساڵێکیشدا ١٩ هەزار و ٦٦ کەس چونەتە خاکی وڵاتەکەوە.
 
پەڕینەوەی ئەم ژمارەیە زۆرە یەکەمجارە دوای دەستبەکاربونی کەیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تۆمار کرابێت، پرسی پەنابەرانیش لە وڵاتەکە لە ئێستادا لە پێشەنگی کارەکانیانە و زۆرترین گرنگیی پێدەدرێت.
 
لەگەڵ ئەوەی حکومەتە نوێیەکەی بەریتانیا بەڵێنیداوە بە "تێکشکاندنی ئەو گروپانە"ی کار بۆ هێنانی پەنابەران دەکەن بۆ وڵاتی بەریتانیا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تا کەشوهەوا جێگیر بێت، ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتە بەرەو زیادبون بڕوات.




PM:09:15:18/08/2024