تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی هاوکاری "سەربازی و ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، لەگەڵ عێراق واژووکراوە، بەڵام هیچ دەقێکی پەیوەست بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق لە خۆناگرێت.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵەی میدیایی سەر بە بەشی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم ئەو هەواڵە میدیاییانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن" یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەلایەن یەشار گولەر و ثابت محەمەد عەباس وەزیرانی بەرگری تورکیا و عێراق واژووکراوە، ئامانجی کۆتایی هێنانە بە بوونی هێزی سەربازی تورکیا لە خاکی عێراق".
هەروەها ناوەندەکە لە بەیاننامەکەیدا دوپاتیکردەوە" ئەوەی لەمبارەیەوە وتراوە بە تەواوی نادروستە و هیچ بڕگەیەکی لەو جۆرە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا نییە سەبارەت بە هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە نێوان تورکیا و عێراق واژوو کراوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" شەڕی تورکیا دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت، لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان".